ڕۆژی شەممە، ۱۱ی خاکەلێوەی ۱۴۰۳ی هەتاوی، ۱۹ی ڕەمەزانی پیرۆزی ۱۴۴۵ی مانگی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیتم کە میوانی ئەمڕۆی “چراخان”ی بەربانگی مەهاباد دوکتۆر “فەرزاد ولیدی”یە و بڕیارە بۆ نوێژی خەوتنان و تەڕاویحیش لە مزگەوتی حەزرەتی عائیشە ـ هەڵکەوتوو لە گەڕەکی زەمینەکانی شارەداری ـ وتاری هەبێ و هاوڕێ لەگەڵ ئەمە، کاک “ئەمین ئەسەدی” قاری نێونەتەویی، ڕێوڕەسمیان دەبێ، وادیارە کاک ئەمین ئەسەدی؛ نوێژە ویترەکان دەخوێنێ و کاک فەرزاد وتار پێشکەش دەکات. بۆیە بڕیارم دا دوای تەڕاویح لە مزگەوتی عەبباساغا بچمە ئەم مزگەوتە، بە سێڕای شێخبابا(بیمەسوتاو) بە پەنا داشامەجید، کە بڕیارە لەلایان شارەداری بکرێتە گەورەترین پارکی پاریزگا، وەک ئاویەری سنەبێ ئەمەش تەفەئولی بیلخەیرە ـ دوای ڕەدبوون لە دامێنی داشامەجید و تێپەڕین لە مزگەوتی خولەفای ڕاشیدین گەیشتمە مزگەوت، ئەمبەرەوبەری شەقام ماشێن ڕاگریرابوون. هەبوو دوبڵە ڕای گرتبوو. چوومە ژورێ مزگەوت ڕیزێکی مابوو پڕ بێ، میوانەکان لە سنەڕا تەشریفیان هێنابوو. کاک ئەمین ئەسەدی لە قوڕئانی پیرۆز، سوڕەتی موبارەکەی “قاف”ی دەخوێند و لە کۆتاییدا سوڕەتی “قەدر”ی خوێند. من بۆم دەرنەکەوت ئەڕێ بە چ شێوازێ یا شێوازی کام قاریە!؟ کاک جەلال مەعڕووفیان فەرمووی: ئەمە شێوازی مەنشاوی بوو. لە کاک ئەمین ئەسەدین پرسی فەرمووی: ئی خۆم بە ئاوێتەی پێنج قاری، باری حوزنەکەی بەڵێ ئی مەنشاوی لەگەڵە.
دوای قوڕئان خوێندنەوە کاک عەلی مەعڕوفی وەک پێشکێشکار داوای لە دوکتۆر “فەرزاد وەلیدی” کرد بێتە پشتی تریبوون وتارەکە پێشکەش کات، دوای نێوی خوا و ڕەسولی خوا گوتی هەر لەئاویەرەوە، لە سنەوە تا مەهاباد سڵاوتان لێ بێ، وتارەکە باسی مەعنەوییت بوو بە پشتبەستن بە قوڕئان و سوننەت، بەشێک لە وتارەکە؛ ئاماژە بە خۆڕاگری و بەرخۆدان لە ڕێگای دینداری، کارێکی گەلێ ئەستەم، گرینگ و حاشا هەڵنەگرە.
چارەنووسی پەروەردگار وابووە، کە جیلی ئێمە لە سەردەمێکدا ژیان تێپەڕدەکەن کە بکەوێتە ناو ئەم چاخە دەورەدراوە:
ـ کزی باوەڕ
ـ خۆ وەدستەوەنەدان و هەڵاتن لە بەرپرسایەتی
ـ نافەرمانی و سەرەڕۆیی
ـ زۆری پشێوی و ئاژاوە
ـ جۆراوجۆری شک و گومان
ـ جۆراوجۆری داوی نەفس و هەوەس
ـ سەرەڕۆیی، هەر کەس قسەی خۆی
ـ لێکقبوڵنەکردن، نەحاوانەوەی کۆمەڵایەتی
ـ نامۆ و دوورکەوتنەوەی دین و باوەڕداران
ـ کەم بوونی ئاڵاهەڵگرانی دین.
بۆ تێپەڕین لەم گەمارۆدراوانە پێویستە ئاستی دڵەڕاوکەیمان بەرینە سەرێ؛ چون تا ئاستی پەرۆشی و نیگەرانی دینی بچێتە سەری، لە ڕوانگە، تێبینی، دووربینی، وردبینی، زانستی زیاتر بەشدار دەبین.
لە پەژێکیتر دا باسی چۆن گونجان بۆ خوای گەورە و مەڕامنامە(مانیفست)ی ڕزگاری کرد. وتارەکەی 35خولەکی کێشا و لە دواییدا شیعری ئەم شاعیری سەقزی (کاک لوقمان ئەڵڵا مرادی)خوێندەوە کە دەڵێ:
سوجدە بۆ تۆ، گیان بە پێ ﴿قالوا بلی﴾
دڵ لە لای تۆ، و غەیری تۆ بابێن بە لا(۱)
چەندە خۆش بوو بەزمەکەی ڕۆژی ﴿الست﴾
دڵ بە سوجدە بوو بە کانگای پڕ لە هەست(۲)
چەندە خۆش بوو، کۆتری دڵمان هەڵفڕی
دڕکەکانی بەزمی بوونیان هەڵچڕی(۳)
گشت مەلائیک هەم بە سوجدە هاتنە پێش
چەندە سەخت بوو کاتێ ئێبلیس بوو بە ئێش(۴)
چەندە سەخت بوو بووین بە میوانی زەوی
دڵ لە جەننەت بێ بەش و نزم و نەوی(۵)
چەندە خۆش بوو کاتێ نووری تۆ هەڵات
بووی بە تیشکی ڕۆژی ڕوونی ڕۆژهەڵات(۶)
تۆش لە گەڵمان، بووی بە میوانی زەوی
بووی بە تاو و بووی بە تیشکیش بۆ شەوی(۷)
دانە دانە کاتێ جبریلت ئەنارد
هێدی هێدی چاکەکانت هەڵبژارد(۸)
چەندە خۆش بوو وا بە تەنیا وێڵ نەبووین
بێ کەس و بێ یار و هاوڕێ و خێڵ نەبووین
چەندە خۆش بوو وا ﴿الست﴾ مابوو لە بیر
دڵ بە تاوی تیشکەکەت گشت کەوتە گیر
خۆشەویستیت بوو بە داو و هاتە ناو
دانە دانە کۆتری دڵ گشت کەوتە داو
بووی بە بیانوو، بۆیە گشتمان وا جەمین
بۆیە پێکۆ هەر هەموومان هاوخەمین
گەردە لوولی فێڵی ئێبلیسە و نەمان
بەفر و تۆف و بەزمی تاریکی شەوان(۹)
هێزی پەنجە و تینی پێکان لا ئەبات
تاو و تین و تیشکی هیوا ڕائەدات(۱۰)
گیانە ئادەی باکوو کۆ بین پێکەوە
زووکە ئازیز وەخت درەنگە ڕێکەوە(۱۱)
شاعر: لقمان اللە مرادی
مانای فارسی بەشێ لە وشە دژوارەکان:
(۱) قالوا بلی:تلمیح بە آیە۱۷۲ سورە اعراف به یاد آر هنگامی که خدای تو از پشت فرزندان آدم ذرّیّه آنها را برگرفت و آنها را بر خودشان گواه ساخت که آیا من پروردگار شما نیستم؟ همه گفتند: بلی، ما گواهی دهیم
(۲)ئەلەست: تلمیح بە آیەی۱۷۲ سورەاعراف
(۳):کانگا: معدن ٭هەست: احساس٭ هەڵفڕی: پرواز کرد
(۴): هەڵچڕی: پارە کرد٭ دڕک: خار
(۵): ئێش: درد
(۶):نزم و نەوی: پست
(۷): هەڵات:طلوع کرد ٭ تیشک:نور
روون: آشکار
(۸): هێدی هێدی: آرام آرام چاکە: عمل نیکو هەڵبژارد:انتخاب کرد
(۹):گەردەلوول:طوفان٭فێڵ: فریب٭ تۆف:کولاک
(۱۰): هێز: نیرو
(۱۱):پێکەوە: باهم ٭درەنگ: دیر ڕێکەوە: راە بیوفت.
دوای وتارەکە شیرنی لە نێوان ئامادەبووان بڵاو کرایەوە، جا دەیانویست لە مەودای وتار بڵاوی کەنەوە کاک یۆسف نیعمەتی ڕاد بە وەستاجەماڵی گووت، دەبێتە دەرهەم بەرهەم دوایی بڵاوی دەکەینەوە، شوکوور پێشوازێکی باش کرا لەم دوو بەڕێزانە.
بەر لە تەواو بوونی کۆڕەکە کاک عەلی داوای لە ئامادەبووان کرد کە لە خوارێ کارتخوان هەیە و چەند کەس ڕاوەستاوون و پوڵی بۆ مزگەوتی کۆدەکەنەوە دەیان هەوێ تێکی دەن. خوا هەڵناگرێ دەبێ تێکیش بدرێ دەڵەی دو مزگەوتە دەباڵ یەکت کردۆتەوە پێشەوەی گوشاد و دواییەکەی تەسک و کەوشکەنی نا لەبار، خۆزیا سازکردنی مزگەوتەکان وەک سەردەمی قاجار و سەفەوێکان بویایە کە بەشی دو سەدە دەکەن، بەڵام ئەمانەی ئێستا هەر تێکوەدەپێچرێ و دوایی چەند ساڵی تر خرادەکرێتەوە.
لەبیرمە ئەوکات واتە ساڵی ۱۳٨۰ی هەتاوی لە گوندی “ئازاد” مەلا بووم لەگەڵ مامۆستا ڕەسولی کیا، هاتمە ئەم مزگەوتەی، خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا ئیبڕاهیم پارسا خەریکی سازکردنی ئەم مزگەوتە بوو، قسەم لە میحڕابی مزگەوتەکە کرد، مەلا ڕەسولی کیا؛ گوتی: حاجی مامۆستا بڕیاری دەرکردووە، هەرکەس قسە لەم مزگەوتە بکا دەبێ پوڵی دانابێ، یا هەر کەسە بە ئەندازەی پوڵەکە حەقی قسە کردنی هەیە، چوون هەر کەس دەهات و نەقشەیەکی دەکێشاوە. خوا عافوی کا هەر چۆن بوو سازی کرد. دیارە ئەم مزگەوتێ بەر لە مزگەوتی خولەفای ڕاشدین و یەکەم جار ساڵی ۱۳۶۲ی هەتاوی قوڵینگی سازکردنەکەی خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا برایمی پارسا لێدراوە، دوو بارە ساڵی ۱۳٨۰ی لە لایان حاجی مامۆستاوە بەرین کراوەتەوە. مزگەوتی ئێستاکە درێژی و پانی(طولو عرض) چاردە لە دوازدەی دایە، مامۆستا خەلیلی پارسا لە وڵامی پرسیاری من فەرمووی بە خۆشێوە، جیا لە گەورەکردنەوەی مزگەوت، فێرگەی ئایینی(حوجرە)، خانۆی مامۆستا، مجێور و مزگەوتی خاتوونەکان و بنکەی خوێندنەوە(قرائتخانە)ی بۆ دوابین(پیشبینی)کراوە. دوایە پێوەندیم گرت بە مامۆستا پارسا کە مزگەوتەکە گومبەزی شکڵ و وەک مزگەوتی حاجی ئەحمەدی بێ کە زیاتر چەند سەدە دەوامی بێ.
بدوای تەواو بوونی وتارەکان کۆمەڵ کۆمەڵ دەچوونە لای دوکتۆر و کاک ئەمین وێڕای بەخێراتن وێنەی یادگارییان لەگەڵ دەکێشان. دوو دۆستیتریان لەگەڵ دابوون کە بەڕێزان: کاک فەڕشید گەوێڵی و کاک بەهرام خالیدی بوون
پاشان بۆ چا خواردنەوەی لەگەڵ هەندێ لە دۆستان؛ چوینە ماڵە کاک یۆسف موحەممەدی، باس لە وتوێژی ئەمڕۆکەی کاک فەرزاد لە دەنگوڕەنگی مەهاباد کرا، وەک باسیان کرد: وتار و دیمانەی کاک فەرزاد، چ لە باری زانستی و چ بەراوەزی(معنویت) کاریگەر بووە لەسەر پێشکێشکار و کۆمڵی بەڕێوەبەران(مجموعە عوامل). دوایی هەندەک پرسیار و ڵام هاتنە گۆڕێ منیش بە دەرفەتم زانی هەندەک لێکۆڵینەوە لەسەر بیوگرافی چالاکیان باس کرد، سەرەتا ناساندنی کاک “ئەمین ئەسەدی” قاری نێونەتەوەیی لە چەند ڕستەیەک دا:
ساڵی 1353ی هەتاوی لە ئاوایی “قەڵاجەق/قلعه جق” چل کیلۆمیتری شاری سنە بۆ مەریوان، چاوی بەدنیا هەڵێناوە، مامۆستای بیرکاری لە پەروەدەو فێرکردنی ناوچەی دوی شاری “سنە”یە. ساڵی 1376ی هەتاوی ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و خاوەنی دو کوڕە بە نێوەکانی هێمن و هێژا.
ماوەی سی(۳۰)ساڵە سەرقاڵی خوێندنەوە وانەبێژی قوڕئانی پیرۆز، لەم ماوەیەدا لە کێبەرکێکانی ناوخۆ و چەند کەڕەت لە درەوەی وڵات بەشداری و توانیویەتی لە خوێندنەوەی قوڕئان، پلەکانی خوارێ بەدەست بێنێ.
۱ـ پلەی یەکی ناوچە ڕۆژئاوای وڵات بەدەست بێنێ.
۲ـ پلەی سێهەمی کێبەرکێی فەرهەنگیان گشتی وڵات.
۳ـ پلەی دوهەمی کێبەرکێی نێونەتەوەیی هیندوستان.
۴ـ پلەی یەکەمی کێبەرکێی نێونەتەوەیی ئیماڕەتی یەکگرتووی عەڕەبی.
چەند جاریش پلەی یەکەمی کێبەرکێی پارێزگا لە ساڵەکانی ڕابردووی بەدەست هێناوە. بەڕێزیان ئێستاکە سەرقاڵی وانەوتنەوە لە لقەکانی جۆراوجۆری دەنگ، هەوا(لحن) تەجوید هەر وەها دادوەری لە کێبەرکێکانی قوڕئانی پیرۆز.
دو خولی تەواو خوێندنەوەی قوڕئانی تۆمار کردوە و لە ئیختیاری خەڵکی ناوە.
چەند کەڕەت بۆ خوێندنەوەی قوڕئان بۆ وڵاتانی: تورکیە، هیندستان، کوردستانی باشوور، وڵاتی عەڕەبستان و مەکەی پێرۆز.
بیرەوەری: دوام لێ کرد ئەگەر بیرەوەڕێکی هەیە بۆمان بگێڕێتەوە، کاک ئەمین ئەسەدی گێڕایەوە: لە مەککە و لە مەدینە زۆرێ بەڵام ئەمەی بەلامەوە خۆش بوو، لە مەککە لە مزگەوتی “هیّیءالعصاف” سێ نۆهۆم بوو لە نزیکی “جنةالمُعلّی” بوو زۆر خۆش بوو. دوو دەرگای هەبوو. ئێمە کە ساڵی 1396ی هەتاوی وەک زایر و حەجی تەمەتووع خوا نسیبی کردین. لە سەڕێگای چوونە حەڕەم بوو، ئێمە بۆ نوێژی ئێوارێ دەچوینە ئەم مزگەوتە. لەوێ بانکدەرێکیان هەبوو بە نێوی عەلی؛ دوو کەس لە دۆستان پێشنیاریان کرد کە لێرە بانک بدەم. دۆستەکانم چوونە لای موئەززین بە کوردی و عەڕەبی قسەیان لە تەک کرد کە ئیجازە بدا من بانک بدەم؛ ئەویش بە عەڕەبێکی ڕەوان کوتی: هەم ئێمام، هەم بانکدەر و هەم وتاربێژ لە ژێر چاوەدێری ئەوقافە ئێرە یاسای تایبەتی خۆی هەیە، وانیە هەر کەس بێ بانک بدان. مۆڵەتی ئەمە نادەن. من عەڕەبیم لە دۆستان باشتر بوو، کوتم: ئەمن داکۆکی ناکەم ئەم دۆستانە پێیان خۆشە وەک میواندارێک کە میلیۆنها کەس دێن، با گوێ لە بانگی غەیرە عەڕەبێکیش بێ، چ ئیرادی هەیە! ئەگەر ئیجازە بدەی لەگەڵ شێخی مزگەوت قسە بکەین. کابرا چۆ لای شێخ، شێخ ئێمەی بانگ کرد و کوتی: ئێوە کێن؟کوتمان: ئێمە لە ئێران ڕا هاتوون و کورد و سوننی و شافیعی مەزهەبین. کوتی: بانک بدە، کوتم: بانک دەلەم؛ بەڵام پیشەی من قوڕئان خوێندنە. کوتی: ڕۆژی 5ی زیحەججە لێڕە کێبەکێی قوڕئانە، کوتم ئەگەر پێتان خۆش بێ هەر قوڕئانەکە دەخونم و بانک نادەم. کوتی: ئەمە کاری من نییە، هەرکەسە بەرپرسی بەشێکە، وابوو ڕۆژی دواتر دوای نوێژی بەیانی چوومە حەڵقەی قوڕئان خوێنان و هەر کەس بەشێکی خوێندنەوە ئەم جار ڕووی لە من کرد قوڕئان بخوێنمەوە ـ بە بێ ئەوە خۆم بناسێنم یا بزانێ بەم نییەتە هاتووم ـ کوتم: ئەگەر ئیجازە بدەی پێمخۆشە بە قەڕائەت بیخوێنمەوە. پێموایە سوڕەتی موباڕەکەی زلزال بوو. زۆری تەحسین کردم و ئەم جار کوتی: یا شێخ بخوێنەوە ـ بە شێخی بانگ کردم ـ ئەم جار سوڕەتی موباڕەکەی القارعە م بە نەغمەیەکیتر خوێندەوە. زۆری پێ خۆش بوو. من هیچم نەووت، ئەم ڕاهێنەر(ئوستاد)ـه؛ کوتی: یا شێخ وەرە با بەیەکەوە بچینە لای د. عەبدووڕەحمان تا بەڕێزت بناسێ. ئەمنی پێناساند کە ئەمە قاری و قوڕئان باش دەخوێنێ. دەنگ، لەحن و تەجویدی زۆر باشە و بە شێوازی میسری دەخوێنێ. شێخ کوتی: مادام ئەتۆ پەسەندی دەکەی پێی بێژە ڕۆژی جوومعە لە بەرنامەکە بەشداری بکات ـ سبحان الله، بێ ئەوە من چ بڵەم ـ کوتم: باشە. کوتی بڕیارە پێنج خولک بخوێنی بەڵام تۆ دەخولەک بخوێنە. کوتم باشە.
منیش بە دۆستانم کوت. ئێمەش هەموو بە جلوبەرگی کوردین لە کاتی دیاری کراو ڕۆیشتین؛ ئەگەر چوینە مزگەووت زۆر زۆر شڵووغ بوو ـ سبحان الله ئەگەر ئێمەیان بە جلوبەرگی کوردی نەباین یەکترن نەدەناسێوە ـ بەرنامە دوای نوێژی شێوان دەستی پێکرد. داوایان لێ کردم قوڕئان بخوێنم. سوڕەتی موباڕەکەی ئیبڕاهیمم خوێند “وَإِذْ قَالَ إِبْرَاهِيمُ رَبِّ اجْعَلْ هَٰذَا بَلَدًا آمِنًا وَارْزُقْ أَهْلَهُ مِنَ الثَّمَرَاتِ مَنْ آمَنَ مِنْهُمْ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ” تا کۆتایی. زۆریان پێخۆش بوو. کە قیڕائەتەکە و بەرنامەکە تەواو بوو نوێژی خەوتنان خوێندرا و ویستمان بگەڕێنەوە هوتێل، شێخەکەیان پێی کوتم: شێخ موحەممەد ئەمین سبەی نوێژی شێوان(مغرب) تەشریف بێنەوە بانگێکمان بۆ بڵێ ـ بێ ئەوە من بڵەم و خۆیان وایان کووت وادیار بوو قەڕائەتەکەیان پێ خۆش بوو ـ خاڵێک کە زۆر گرینگە و جێی خۆیەتی ئاماژەی پێبکەم، ئەوە بوو، وتاربێژێک بۆ وتاردان بانگێشتن کرابوو ـ وابزانم خەڵکی مەدینە بوو ـ دوای قیڕائەتەکەی من هەڵستاو چۆ پشتی میکڕۆفۆن، ڕووی لە جەماوەرەکە کرد و کوتی: من ئەم باسەی ئامادەم کردبوو باس لە تەوحید، شیرک، حەجی ئیبڕاهیمی و حەجێک بە دوور لە خوڕافات و شیرک بوو؛ بەڵام بە بۆنەی ئەم قیڕائەتە، کەسێک غەیرە عەڕەب و کورد خوێندی. باسەکەم دەگۆڕم و پێمخۆشە باسی خزمەتەکانی غەیرە عەڕەب و بە تایبەتی و علی الخصوص گەلی کورد بە ئیسلام بکەم. ناوی زۆرێ لە زانایانی کورد کە لە مەدینە و میسر وانەبێژ بوونە ناو برد و باسی هەندێ کەسایەتی کورد کە لە کوێ بوونە و چ کەسایەتێک بوون کرد؛ وک ئیبنجەزەری، شێخ سەعید نوورسی و شێخ عەبدولباسیت و چەند کەسایەتیتر کە ئەمانە هەموو کورد بوونە کورد ئاوان و ئاوان زۆری تاریف لێکردن. ئێمەش زۆرمان پێخۆش بوو. کە هەستاین داوای لێکردین سبەش بەیانی و و ئێوارە و مەغریب بێن و بانگمان بۆبێژن. ڕۆژئاوای ڕۆژی شەممە ئەم بانگەم دا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکان پێشوازی لێ کرا و لە ئاستەکی زۆر بڵاو بۆوە. وابوو ساڵی 97ی چوومەوە داوایان لێ کردم بانگ بێژم و قوڕئان بخوێنم. پێیان وابوو هەموو ساڵێ دێم، هەموو ساڵێ لە ڕۆژانی حەج بە واتساپ پێوەندێان پێوە دەگرتم کە شێخ ئەگەر هاتی مەککە بێی و بانگ و قوڕئانمان بۆ بخوێنە. تا ساڵی 1402ی هەتاوی وڵامم دانەوە کە لە مەککەم، کوتیان: دەبێ بۆ نوێژی بەیانی بانگمان بۆ بێژی، منیش پێمخۆش بوو هەم خزمەتێک بوو هەم باسێک لە کوردایەتی تێدا بوو بۆ گەلانیتر تا زیاتر ئێمەی کورد بناسن لە هەموو وڵاتەکانی لێبوو.
جێی خۆیەت ئەمەش باس کەم، مزگەوتێک لە هوتێلەکەمان نزیک بوو، کە شێخی وێ کاتێ بیستبوویەوە من قاریم داوای لێ کردم بانگی نیوەڕۆ بدەم ئەم جار کوتی: ئەبێ مەغربی هەم قامەتیش بکە، کوتی هەم ئیمامەتیش، لە کۆتاییدا بە شۆخی کوتی ئەگەر ڕیشت هەبا داوام لێ دەکردی وتاریش بدەی. دوایی پێی کوتم: چاوەڕێم هەموو کڕەت بێیە ئێرە ئەرکەکان وەستۆ خۆ بگری، منیش عەرزم کرد پێمخۆشە نوێژەکانم بەرمە حەڕەمێ. ئەم یەکێ لەم بیرەوەریانە بوو کە زۆرم بەلاوە خۆش بوو، دیارە لە وڵاتان تریش بیرەوەریم هەیە. زیاتر سەرتاننایەشێنم. منیش دەستخۆشیم لە کاک ئەمین کرد و لە خوای مەزن پاڕامەوە وێنەی زۆر بێ.
دوکتۆر فەرزاد وەلیدی:
لە دایک بووی ساڵی 1360ی هەتاوی لە شاری “سنە” چاو بە دنیا هەڵدێنێ. کارناسی باڵای فیقهی شافیعی و دوکتۆرای زانستی قوڕئان و فەرموودە(حدیث)ی هەیە. ساڵی 1382ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە بە ناوەکانی جوانا خاتوون، دیانا خاتوون و کاک ئەهوەن. کاری ئەسلی زێرگەریە.
دوکتۆر فەرزاد وەلی ناونیشان(عنوان)ی نامیکە(رسالە) پایاننامەی دوکتۆراکەی “شێوازی تەفسیری مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودریس و مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیز”ـه.
خاوەنی دوو نووسراوەیە بە زمانی فارسی بە ناوەکانی: ۱ـ لقمههای معنوی. ۲ـ معنویت گرایی.
لە کتێبی “لقمەهای معنوی” پەرژاوەتە سەر حەووت کەسایەتی کوردی ئەهلی سوننەت: ۱ـ دوکتۆر جەلیل ئومیدی. ۲ـ مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئێرانی. ۳ـ مامۆستا مەلا(کاک) عەلی ڕەحمانی. ۴ـ کاک ڕزگار مورادی. ۵ ـ کاک حەسەن ئەمینی. ۶ـ مامۆستا عەبدوڕەحمان پیرانی. ۷ـ مامۆستا مەلا (کاک) ئیبڕاهیم مەردووخی.
دوای ماڵە کاک یووسف موحەممەدی ماڵاویمان لێکتر کرد. بۆئەم دوو کەسایەتیەی سنە واتە کاک ئەمین و کاک فەرزاد لە خوای بانی سەر داوای سەرکەوتنیان بۆ دەکەم. تا دیدارێتر هەر شاد و بەختەوەربن.
خواتان لەگەڵ.
بۆچوونهکان